عێراق خاوەن مێژوویەکی پڕ گۆڕانکاری

وڵاتێکی وەک عێراق بەهۆی شوێنەکەیەوە بە هەزاران ساڵە لە لایەن نەتەوەکان و وڵاتانەوە داگیر دەکرێت و بە مێژوویەکی پڕ گۆڕانکاری لە داگیرکاری و خوێنڕشتن تێپەڕیوە.

لاڤە کوردە

 

ناوەندی هەواڵ - عێراق لە مێژوودا بە وڵاتی دوو ڕووبار ناسراوە، مێژووی ئەم ناوچەیە بۆ ١٠ ھەزار ساڵ زیاتر دەگەڕێتەوە و خاوەن میژوویەکی زۆر دوور و درێژە سۆمەرییەکان، ئەکەدییەکان، ئاشوورییەکان و بابلییەکان لە نەتەوە دێرینەکانی ئەم وڵاتەن، خاوەنی شارستانییەتییەکی بەرزبووە لە مێژووی خۆیدا چەندین جار تووشی داگیرکاری و ھێرشی نەتەوەکان بووەتەوە لە سەردەمە جیاوازەکانیدا، ئەمەش بەھۆی بوونی شوێنی عێراق وەک ناوچەیەکی جوگرافی گرنگ.

 

هەریەکە لە ساسانییەکان، سەفەوییەکان، عوسمانییەکان، مەغۆلەکان، مەمالیکەکان و ئینگلیزەکان بۆ ماوەیەکی زۆر فەرمانڕەواییان لە عێراق کردووە، دواین ھێرش بۆ سەر عێراق لە لایەن ڕێکخراوی داعشەوە بوو، کە توانی بۆ ماوەی سێ ساڵ چەندین ناوچەی گرنگی عێراق داگیر بکات.

 

کەی ناوی لێنرا عێراق و مانای چییە؟

ئەم ناوە چەندین سەدەیە خەڵکی سەرقاڵ کردووە بۆچوونی جیاوازیش هەیە دەربارەی، بەڵام کۆمەڵێک توێژەری بیانی و شوێنەوارناس و مێژووناس بەم شێوەیە باسی دەکەن کە ناوی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ میراتێکی کۆنی زمانەوانی، بنەچەی سومەرییە، لە خەڵکی نا سومەریی وەک سامیەکان، کە لە پێش مێژووەوە نیشتەجێ بوون و "عراق" لە وشەی "نیشتەجێ"وە هاتووە.

 

هەندێکی دیکە لەو باوەڕەدان کە وشەی عێراق لە پەیمانی کیش لە ناوەڕاستی هەزارەی دووەمی پێش زایین بەکارهاتووەو ناوی هەرێمێک لەخۆدەگرێت لەشێوەی (جوگ) کە بووە بە ڕەچەڵەک عەرەبی وڵاتی بابل یان وشەی "عێراق".

 

هەروەها دەوترێت لە وشەی ئوروک وەرگیراوە، شارێکی کۆنی سۆمەرییە، کە دەکەوێتە ١٥ کیلۆمەتری باکووری سەماوە و عێراق، لە کۆتایی بەرەبەیانی خانەدانی سۆمەریەکان لە ساڵی ٢٣٥٠ پ.ز پاشایەکی گرنگ بە ناوی لوگال زاگیزی لە ئوروک فەرمانڕەوایی کرد. توانی شاری ئوروک داگیر بکات و بنەماڵەیەکی دەسەڵاتدار دابمەزرێنێت، کە لە کۆمەڵگەی زانستی شوێنەواردا بە بنەماڵەی سێیەم ناسراوە، بەڵام سارگۆن دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەکادی توانی ئەو و ئاواتە فراوانخوازییەکانی لەناوببات.

 

ناوی جوگرافیایی "میزۆپۆتامیا" لە کاتێکدا دەرکەوت کە لە نێوان سەدەی چوارەم و دووەمی پێش زایین، بە تایبەتی لە بەکارهێنانی نووسەرانی کلاسیکی یۆنانی و ڕۆمانیدا، واتە "میزۆپۆتامیا" یان "مێسۆپەتامیا" ناوەکە لە دوو بڕگە پێکهاتووە: مێسۆ واتە لە نێوان یان ناوەڕاستدا. پەتەمیا واتە ڕووبار، وشەیەک کە لە یۆنانییەوە سەرچاوە دەگرێت، واتە ئاو یان ڕووبار.

 

ئەو نەتەوانەی لە عێراق دەسەڵاتیان گرتەدەست شارشتانییەتی وڵاتەکەیان دەگۆڕی و دواتر بەهۆی داگیرکاری و هاتنی نەتەوەی دیکەوە گۆڕانکاری زۆر ڕوویدەدا، هەروەک سۆمەرییەکان  کە دەسەڵاتی زۆریان ھەبوو لە خوارووو و ناوەڕاستی عێراقی ئێستادا، لە سەرەوەی وڵاتەکەش گەلانی تری لێ دەژیان، لە سەردەمی حامورابی لە ١٧٥٠-١٧٩٢ پێش زایین لەگەڵ زۆربەی بەشەکانی تری یەکیان گرت و بابلیشیان بە پایتەخت دانا، لە سەروشەوە ئاشورییەکان خەریکی بازرگانی بوون لەگەڵ ئاسیادا، لە ١١٠–٥٠٠ پێش زایین بابل بەڕێوەدەچوو لەلایەن ڕۆژھەڵاتە ئاسیایەکان، لە سەروو شەوە ئاشورییەکان دەمێکی باش دەسەڵاتیان ھەبوو تا ئەوکاتەی موسڵ لەلایەن بابلییەکان و مێدەکان "کوردەکان" لە ساڵی ٦١٢پێش زایین دەستی بەسەر دا گیرا.

 

دواتر بابل کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئێران تا ئەوکاتەی ئەسکەندەری گەورە گرتی و پایتەختەکەی لە ڕۆژھەڵاتی خواروووی بەغدای ئێستادا بوو، دوای سەردەمی خەلافەتی عوسمانی و هاتنی مەغۆلەکان، سەردەمی سەفەوی عوسمانی هاتەپێش.

 

سەفەوی و عوسمانی

لە سەرەتای ساڵی ١٥٠٠ عێراق داگیرکرا لە لایەن تورکیا و فەرمانڕەوای شیعەی تورکی، لە ساڵی ١٥٣٤ عێراق داگیرکرایەوە لەلایەن ئیسلامە سونییەکانی عوسمانی کە ئیستەنبوڵ پایتەخت بوو، لە عێراق سێ ناوچە دروست بوو "بەغدا، موڵ. بەسرە"، کە بەڕێوە دەچوون لە لایەن سێ پاشاوە کە سوڵتان لە ئیستەنبوڵ خۆی دەستنیشانی کردبوون، بەڵام عوسمانییەکان وڵاتەکەیان بەشێوەیەکی بێسەروبەرە بەڕێوەدەبرد، بۆیە سەفەویەکان لە ساڵی ١٦٢٣ توانیان عێراق بگرنەوە. لە ساڵی ١٦٣٨ دووبارە عوسمانییەکان ھەرسێ ناوچەکەیان گرتنەوە. عوسمانییەکان لە عێراق بوون تا ساڵی ١٩١٨ بەڵام لە زۆر کاتدا، و لە زۆر شوێندا ناوچەی سەربەخۆ ھەبوو. لەوانە کوردەکان فەرمانڕەوای بابان دەسەڵاتی خستە ژێر دەستی خۆی لە سەرووی عێراق لە کۆتای ١٦٠٠ دا. لە ناوچەکانی بەسڕە دا زۆر ناوچە بە دەست شێخەکانی ناوچەکە دا بوون. لە ساڵی ١٧٠٤ حەسەن پاشا لە بەغدا سەرکردایەتییەکی ناوچەی دامەزراند، کە تا ساڵی ١٨٣١مایەوە. لە کۆتای ١٨٩٠ دا و لە سەرەتای ١٩٠٠ کێبەڕکێی گرنگی بەریتانییەکان و ئەڵمانییەکان لە عێراق بوو.

 

جەنگی جیھانی یەکەم و عێراق

بەریتانییەکان لە شەڕی جەنگی جیھانی یەکەم وردە وردە عێراقی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی لە کۆنفرانسی ئاشتی لە پاریس لە ساڵی ١٩١٩ عێراق بوو بە ژێر دەستەی بەریتانیا و لە ساڵی١٩٢٠ بڕیاریان دا کە عێراق بکەن بەمەلیکییەت و مەلیک فەیسەڵیان دانا، مەلیک فەیسەڵ کە ھاوپەیمان بووە لەگەڵ بریتانییەکان دژی تورکەکان، ناوچەی موسڵ گەڕێندرایەوە بۆ سەر خاکی عێراق لە ساڵی ١٩٢٥.

 

سیستمی پاشایەتی لە عێراق

لە سەردەمی پاشایەتیدا عێراق یەکێک بوو لە دامەزرێنەرەکانی نەتەوە یەگرتووەکانی عەرەب لە ساڵی ١٩٤٥ و ھەمان ساڵ بوو بە ئەندام لە وڵاتە یەکگرتووەکان، بەڵام بەھۆی ناڕەزای دژی ڕژێم و بەڕازی نەبونی ھاوبەشیکردنی ڕژێم لە پەیماننامەی بەغدا لە ساڵی ١٩٥٥ و ھەروەھا لەبەر پارە خواردن و بەرتیل خواردن خەڵکی سیاسی دژ بە ئەو ئازار و ئەشکەنجە دەدران. لە ساڵی ١٩٥٨ کودەتایەک دژی سیستمەکە بەرپا بوو کە ناوی بە شۆڕشی ١٤ی تەمووز دانرا، بەپێی سەرچاوە نافەرمییەکان لەم شۆڕشە بەکۆی گشتی ١٠٠ کەس کوژران، لە ئەنجامی شۆڕش یان کودەتاکە عەبدولکەریم قاسم بووە یەکەم سەرۆک وەزیرانی عێراق، کۆتایی بە دەسەڵاتی پاشایەتی ھێنراو ڕژێمی کۆماری لە عێراق ڕاگەیەندرا.

 

سەردەمی کۆماری

عەبدولکەریم قاسم بانگەوازی بیروڕای ئازادی دەکرد و پەیماننامەی بەغدای لە ساڵی ١٩٥٩ ھەڵوەشاندەوە، لە سەرەتادا ھاریکاری دەکرا لە لایەن عەرەبەکان و شوعییەکان ھەروەھا سەرۆک ھۆزەکانی کورد وەک بارزانی لە حکومڕانی خۆیدا، بەڵام ئەو ھاریکارییە زۆر تەمەنی کورت بوو. گرژی لە نێوان قاسم و بارزانی دا دروست بوو لە سەر بەڕێوە بردنی ئۆتۆنۆمی کوردستان. ھەروەھا لەگەڵ کۆمۆنیستەکان بارو دۆخی ئاڵۆز بوو تاوای لێھات قاسم لەکودەتایەکی سەربازی لە ساڵی ١٩٦٣ دا کوژرا. حکومەتێکی تازە بە سەرۆکایەتی عەبدولسەلام عارف ھاتە سەر دەسەڵات، عەبدولسەلام عارف لەکارەساتێکی کۆپتەردا لە ساڵی ١٩٦٦ دا کوژر،  جەنەڕاڵ عەبدولرەحمان عارف کە برای عەبدولسەلام بوو ھاتە جێگای ئەو. لە ساڵی ١٩٦٨ عەبدولرەحمان لە کودەتایەک دا لە سەر دەسەڵات لابردرا.

 

سەردەمی ڕژێمی بەعس

حزبی بەعس دەسەڵاتی گرتە دەست و جەنەراڵ ئەحمەد حەسەن بەکر بوو بە سەرۆک کۆماری وڵاتەکە دروشمی حزبی بەعس ئەوە بوو کە یەکێتی حزبی سۆسیالیستی عەرەبی بوو، هەروەها نیشتیمانی عەرەبی قسەی سەر زاریان بوو. دان پێدانان بە فەرمی بەمافەرەواکانی کورد و ناوچە کوردییەکان، ئەوە بوو بەیانی ١١ ئازاری ١٩٧١لێ کەوتەوە، بەڵام ڕژێمی بەعس لە پەیمانەکانی خۆی پاشگەز بووەوەو پەیمانی جەزائیریان لە ساڵی ١٩٧٤ واژۆ کرد لەگەڵ ئێران، لە پاش کوشتنی ئەحمەد حەسەن بەکر لە ساڵی ١٩٧٩ سەدام حوسێن ھاتە سەر دەسەڵات، دوای ساڵێک شەڕ لە نێوان ئێران و عێراق دا ڕوویدا لە ساڵی ١٩٨٠ تا ١٩٨٨ شەڕەکە ٧ ساڵ و ١٠ مانگ و ١٦ ڕۆژی خایاند، لە ساڵی ١٩٨٠ عێراق دەیەویست، سنوری شەتلعەرەب بگێرێتەوە بۆ خۆی کە لە ساڵی ١٩٧٤ عێراق دابووی بە ئێران لە بری ئەوەی ئێران ھاریکاری کوردەکان نەکات. لە ساڵی ١٩٩٠ عێراق کوێتی داگیر کردو لە ھەمان ساڵ دا پەیمانی ئاشتی لە نێوان ئێران و عێراق واژۆ کرا.

 

ڕاپەرینی کوردەکان و شیعەکان

لە خوارووی عێراقەوە شیعەکان و لە کوردستانیشەوە کوردەکان ھەلیان قۆستەوە بە کزبوونی ڕژێم و دەستیان کرد بە ڕاپەڕین. لە کوردستان لە ٥ی مانگی ئازاری ١٩٩١ گەلی کورد بە ھاوکاری پێشمەرگە ڕاپەڕینی خۆیان دەست پێکرد لە شاری ڕانیەوە گەلی کورد ئەوەندە تامەزرۆی ئازادی بوو یەکگرتنەکی تەواوی خەڵکانی گرتپۆوە، ھەمووی یەک دەنگ یەک ھەڵوێست بوون، بۆ ماوەیەکی کەم گشت ناوچە کوردییەکان ئازاد کران بە کەرکوکیشەوە.

 

مێژووی عێراق لە ٢٠٠٣ تا کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە ٢٠١١

ساڵی ٢٠٠٣ وڵاتی عێراق قۆناغێکی نوێی لە مێژووی خۆیدا تۆمار کرد ئەویش دوای ئەوەی لەلایە ئەمریکاوە بەھاوکاری ژمارەیەکی بەرچاو لە دەوڵاتە ھاوپەیمانەکانی ھێرشی کرایەسەر کە بووە ھۆی کۆتایی ھێنان بە دەسەڵاتی بەعس و سەرۆک کۆمارەکەی کە سەدام حوسێن بوو، ئەمریکا توانی بە ماوەی چەند مانگێک تەواوی عێراق کۆنتڕۆڵ بکات و ھێزەکانی عێراق تێکبشکێنێت، ئەم شەڕە بە چەند ناوێک ناوبانگی دەرکردووە لەوەنە (پرۆسەی ئازاد کردنی عێراق، جەنگی عێراق، جەنگی داگیرکردنی عێراق، ڕووخانی ڕژێمی بەعس).

 

ئاکامەکانی ئەم جەنگە بۆ عێراقییەکان جێگای دڵ خۆشی نەبوو، وەک ئەوەی چاوەڕوانیان دەکرد چونکە دوای تێپەربوونی چەندین ساڵ بەسەر ھێرشەکە و لەناوچوون و ھەڵوەشانەوەی حزبی بەعس بەڵام نەتوانرا ژیانێکی جێگیر و سەقامگیر دابین بکرێت بۆیان بەڵکو ڕووبەرووی چەندین شەڕ و ململانێی ناوخۆی و مەزھەبی و گرووپە توندڕەوەکان بوونەوە کە وای کرد عێراق ببێتە مەترسیدارترین شوێن بۆ نیشتەجێ بوون.

 

ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق

لەڕۆژی ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ بەڕێوەچوو، ئەم ھەڵبژاردنە بۆ درووستکردنی حکوومەتێکی ئینتقالی بوو، ٢٧٥ ئەندام مافی ئەوەیان پێدرا کە لەنووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ عێراق بەشداربن لەدوای دەستێوەردانی دەرەکی و لابردنی دەسەڵاتەکانی سەدام حوسێن ھاوپەیمانی عێراقی یەکگرتوو بەڕێبەرایەتی گەورە مەرجەعی شیعەی عێراقی عەلی سیستانی زۆرینەی دەنگەکان بەڕێژەی ٤٨٪ بەدەستھێنا، ھاوپەیمانیی نیشتمانیی کوردستان بەپلەی دووەم توانی ٢٦٪ ڕێژەی دەنگەکان بەدەستبھێنێت، ھەروەھا لیستی عێراقی بەسەرکردایەتی ئەیاد عەلاوی ڕێژەی ١٤٪ دەنگەکانیان بەدەستھێنا. لەکۆی گشتی ١٢ حزب توانیان کورسی پەرلەمان بەدەستبھێنن. ڕێژەی بەشداریکردنی سوننەی عەرەب کەمبوو لەم ھەڵبژاردنەدا، لە پارێزگای ئەنبار تەنیا ٢٪ خەڵک بەشداربوو، لەکاتی ھەڵبژاردنەکە زیاتر لە ١٠٠ ھێرشی چەکداری ڕوویدا، بەلانی کەم ٤٤ کەس کووژران کە نۆ کەسی خۆکووژبوون بە بۆمب، لەنێو قوربانییەکان ٢٠ کەس لە بەغدای پایتەخت بوون.

 

ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار

ساڵی ٢٠٠٥ بە شێوەیەکی کاتی غازی یاوەر بووە سەرۆک کۆمار عێراق تاکاتی ھەڵبژاردنەکان، اشان بە ھەڵبژاردنێکی ڕاستەوخۆ جەلال تاڵەبانی بە شێوەیەکی فەرمی بووە سەرۆک کۆماری عێراق ئەمەش یەکەم جار بوو لە مێژوودا کوردێک ببێت بە سەرۆک کۆمار تا ساڵی ٢٠١٤ لە پۆستەکەی مایەوە بەڵام بەھۆی نەخۆش کەوتنی دەستی لەکار کێشایەوە.

 

کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ٢٠١١

ھێزەکانی ئەمریکا پاش ئەوەی ھێرشیان کردەسەر عێراق بۆماوەی ٦ ساڵ لە عێراق مانەوە بۆ ئەوەی کار و بارەکانی ئەم ولاتە ڕێکبخات ئەم مانەوەیە زۆرە بۆ بەشێکی عێراقییەکان جێگای قبوڵ نەبوو بۆیە بە داگیرکار ناویان برد و لەڵایەن گروپە توندڕەوەکانەوە زۆرترین جار دەکرانە ئامانجی ھێرشەکانیان بۆیە ئیدارەی ئەمیرکا بەتایبەت دوای ئەوەی باراک ئۆباما بوو بە سەرۆک کۆمار پڕۆسەی کشانەوەی ھێزەکانیان لە خاکی عێراق دەست پێکرد تا ئەوەی لە ساڵی ٢٠١١ دوای زیاتر لە چوار ھەزار کوژرا و بریندار بوونی دەیان ھەزار سەرباز ھێزەکانی ئەمریکا بە تەواوی لە خاکی عێراق دەرچوون، ئەم کشانەوەیەش بێ زیان نەبوو چونکە بووە دەرفەتێک بۆ گروپەکان تا لە نەبوونی ئەمریکا ھەژموونی خۆیان زیاتر بکەن، بە تایبەت ئەو گروپانەی سەر بە ئێران بوون، دواین دەرئەنجامی ئەم کشانەوەیەش ھێرشی گروپی چەکداری داعش بوو بۆ سەر عێراق.

 

وڵاتێك خاوەنی دووەم یەدەگی سامانی سروشتی لەسەر ئاستی جیهان بێت، وڵاتێكی وێران و پاشه گەردان، ئەو وڵاتەی لەدوای دامەزراندیەوە لە بیستەكانی سەدەی ڕابردووەوە هەمیشە لەلایەن هەندێك سەركردەی شۆڤێنی و نەتەوەپەرستەوە تووشی گەورەترین نەهامەتی هاتووە، سەركردە سیاسییەكانی ئەم وڵاتە بەبێ خواستی دانیشتوانەكەی بە دروشمی بریقەداری یەكپارچەیی گەورەترین ماڵوێرانیان بەسەر وڵاتەكەدا هێناوە.