لە ڕۆژی جیهانی ئاشتیدا، جەنگ بەرۆکی وڵاتانی گرتووە

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی ئاشتییە، بەڵام دوورکەوتنەوە لە ئاشتی بووەتە مۆدێل و جەنگ و ناکۆکی زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوە، هەرکەس بیەوێت هێرش دەکات و مافی ئاشتییانەی گەلان پێشێل دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ١ی ئەیلولی ساڵی ١٩٣٩ جەنگی دووەمی جیهانی دەستیپێکرد کە شەش ساڵی خایاند و بەهۆیەوە نزیکەی ٦١ ملیۆن کەسی مەدەنی و سەربازیی بوونە قوربانی، سەدان ملیۆن کەسیش ئاوارەبوون، زیانێکی زۆر بەر مرۆڤایەتی کەوت، هەربۆیە لە ساڵی ١٩٥٧دا ڕۆژی ١ی ئەیلول وەک ڕۆژی جیهانیی ئاشتی لەلایەن سەندیکا و گروپەکانی ئاشتی لە ئەڵمانیا دیاریکرا، لەم ڕۆژەدا بەدروشمی "نا بۆ شەڕ" هەوڵ بۆ ئاشتی گەلان و جیهان دەدرێت، بەڵام دوای ٦٥ ساڵ لە دیاریکردنی ئەم ڕۆژە، جەنگ بەرۆکی زۆربەی وڵاتانی گرتووە و زلهێزەکان بە هەموو شێوەیەک جەنگ لەگەڵ ئاشتی دەکەن.

 

ئاشتی چییە؟

ئاشتی دۆخێکی ئارام و ھێمنی دوور لە شەڕ و ئاژاوە و دڵەڕاوکێیە. لە سیاسەتی جیهانیدا چەمکی ئاشتی بەکاردێت وەکو پێچەوانەی چەمکی جەنگ و توندوتیژی و ترس، کاتی بوونی ئاشتی و ئارامی ئەوە ناگەیەنێت کە ھیچ کێشەیەک لە نێوان گەل و چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا نەماوە و ھەموویان بە تەواوی تێکەڵی یەکتر بوونە و یەکیان گرتووە، بەڵکو ھەبوونی ئاشتی تەنیا واتە نەبوونی ململانێی قورس و چەکداری و توندوتیژی.

 

وتووێژی ئاشتیانە لە ھەموو کاتێک و ھەموو سەردەمێکدا کاریگەری باشتر و ئەرێنی ھەبووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە پێچەوانەی تێکھەڵچوونە چەکدراییەکان و ھەوڵدان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان بە ڕێگەچارەی سەربازی، کە لە زۆربەی کاتەکاندا کاریگەری نەرێنی دوای خۆی بەجێھێشتووە و جاریواش ھەیە نەک کێشەکەی چارە نەکردووە، بەڵکو گەورەتری کردووە.

 

ئاشتی وەک ماف

هه‌ستکردن به‌ ئارامی و ئاسایش و دڵنیایی بۆ مرۆڤه‌کان به‌ یه‌کێک له‌ گرنگترین مافه‌کانی مرۆڤ داده‌نرێت که‌ پێویسته‌ دابین بکرێت، به‌ڵام گرنگیی ئاشتی تەنیا له‌وه‌دا خۆی نابینێته‌وه، به‌ڵکو بناغه‌ی زامنکردنی گشت مافه‌ جیاوازه‌کانی تره،‌ وەک مافی ژیان، بیروباوه‌ڕی ئایینی، دەربڕینی ڕا و بۆچوون، فێربوون، پاراستنی ته‌ندروستی، نوێنه‌رایه‌تیی سیاسی، پێکهێنانی کۆمه‌ڵه ‌و پارته‌کان و زۆرێک له‌ مافه‌کانی تر.

 

زۆرجار گوێبیستی گرێبه‌ستی ڕێکه‌وتننامه‌کانی ئاشتی ده‌بین له ‌نێوان وڵاتاندا که‌ ڕێککه‌وتوون له‌سه‌ر کۆتاییهێنان به‌ جه‌نگ و ناکۆکیی نێوانیان، بەڵام دەبینین ئەو وڵاتانەی داگیرکاری لە میژوویاندا چەسپاوە بەردەوام لەپێناو داگیرکارییەکانی خۆیاندا ئاشتی و ڕێککەوتننامەکان پێشێل دەکەن و بەردەوامی بە جەنگ و وێرانکاری و لێسەندنەوەی ئاشتی و گیانی مرۆڤەکان دەدەن.

 

ئایا وڵاتان ئاشتیپارێزن؟

هەر وڵاتێك، كە ئاشتیپارێزبێت نابێت كێشەی لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا هەبێت و دەبێت لەناوخۆی وڵاتەكەشی ئەو جۆرە كێشانەی نەبێت، كە پەیوەندیدارن بە حزبەوە، هەر وڵاتێك كێشەی حزبی هەبێت بەتایبەت كاتێك یەكێك لەو حزبانە لە دەسەڵات بێت، ئەوا ئەو وڵاتە رێژەی ئاشتی تێدا كەمدەبێتەوە، بەپێی ئەمە لە ئێستادا زۆر کەمن یاخود بەرەو نەمان چووە کە بە وڵاتێک بوترێت ئاشتیپارێز، دەبینین هەر وڵاتە و کێشەی لە ناوخۆی خۆیدا هەیە کە ئەمەش کار دەکاتە سەر ئاشتی و ئارامی تاکەکانی.

 

وڵاتانی زلهێز و هەژمونگەرا کە بەردەوام باس لە ئاشتی و پێکەوە ژیان دەکەن، هەرخۆیان سەرچاوەی ناکۆکی و بەدینەهێنانی ئاشتین، بە نموونە کاتێک وڵاتانی دیکەی وەک ئۆکراینا و ڕوسیا جەنگ لەنێوانیان سەریهەڵدا، تورکیا خۆی وەک پاڵەوانی ئاشتی نیشاندا و لە هەوڵی نێوەندگیری هەردوولادا بوو، لەکاتێکدا دەوڵەتی تورک خۆی خوڵقێنەری جەنگ و کاولکارییە، هێرش دەکات سەر هەر تاکێکی کورد لە هەر وڵات و ناوچەیەکی ئەم جیهانەدا بێت، ئەو دەوڵەتەی هەرگیز ئاشتی و پێکەوەژیانی گەلان و کوردی نەویستووە، بەردەوام لەپێناو قڕکردنی گەلی کورددا ڕێکەوتننامە ئاشتییەکان بنپێدەکات و بەهەر چوار لای خۆیدا پەلامار دەدات.

 

ئاڵوگۆڕکردنی بیر و جیاوازییە سیاسییەکان ھێندەی لە ڕەوشی ئاشتی و سەقامگیری دەستەبەر دەبێت لە جەنگدا بەدیناهێنرێت، ئەمڕۆ ڕۆژی ئاشتی جیهانییە، بەڵام عێراق لەناو شەڕی تائیفی و دەسەڵاتدایە و چەندین ساڵیشە تاکی عێراقی و لەناویشیدا کورد، ئاشتی و سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە، ئەگەر ئاشتی دەرفەتێک بێت بۆ لەسەر پێمانەوەی عێراق و یەکدی قبوڵکردنی بەرامبەر بە جیاوازییە سیاسی ئایینی و تائیفییەکانەوە، ئەوا لە جەنگدا ئەو مافانە نابینرێت، بەڵام ڕەوشی ئەمڕۆی عێراق لەوە ناچێت نزیک بێت لە سیستەمێک کە داخوازی گەل بەجێبھێنێت، ئەوەی دەگوزەرێت خۆدەرخستن و نواندنی چڕنوکی ھێز و دەسەڵاتی لایەنەکانە بەرامبەر یەکدی کە دوور نییە کۆتاییەکەی دۆخی گەیشتن بێت بە لێواری تاریکی و جەنگ.

 

ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکرێت و ھەوڵی خستنەڕووی ئەو کێشانە نەدرێت کە وڵات و سیستەمەکەی خنکاندووە، دوور نییە ڕەوشی ئاشتی لە عێراق سفر نەبێتەوە کە چەند ساڵێکە عێراق ئاشتی لێبڕاوە و جەنگ نەک کاریگەری لەسەر مرۆڤەکان، بەڵکو لەسەر ئاژەڵ و ژینگەشی داناوە.